بەڕێوەچوونی خێوەتگەی دێدەوانی کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان
ئەمڕۆ شەممە 16 ـی ئایاری 2026، خێوەتگەی دێدەوانی کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی پ.د. احمد کۆچەر راگری کۆلێژەکەمان و ژمارەیەک لە مامۆستایان بەڕێوەچوو
لە دەستپێکی ئەم چالاکییە مەیدانییەدا، راگری کۆلێژ وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، بە وەفا و شکۆوە یادی داهێنەری ئەم خێوەتگەیە، کۆچکردوو دکتۆر ثائر عەبدولئەحەدی کردەوە. راگری کۆلێژ لە گوتەکەیدا هانی قوتابییانی دا و رایگەیاند: “خێوەتگەی دێدەوانی وانەیەکی کارامەیی و کردارییە بۆ فێربوونی کاری بەکۆمەڵ و خۆڕاگرتن؛ پێویستە ئەم روحیەتە بگوێزرێتەوە بۆ نێو هۆڵەکانی خوێندن و کایە زانستییەکان، چونکە نیشتمان پێویستی بە پسپۆڕ و مامۆستایەک هەیە کە لە زانستیشدا پێشەنگ بێت.”
هەروەها ئاماژە بە پلانی درێژخایەنی کۆلێژ درا بۆ پەرەپێدانی ئەم جۆرە گەشتە زانستییانە لە داهاتوودا بە ئاراستەی مانەوەی چەند رۆژە لە نێو ژینگەی سروشتدا تا قوتابییان سوودی ئەکادیمی زیاتری لێ ببینن. لە درێژەی وتارەکەدا، دەستخۆشی لە فەرماندەی خێوەتگە و سەرجەم مامۆستایان لە ستافی خێوەتگە و قوتابییانی قۆناغی یەکەمی کرا بۆ بەشداریی سەرکەوتووانەیان.
راگرایەتی کۆلێژ پێزانین و سوپاسی تایبەتی ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین کرد بۆ پاڵپشتی و هاوکارییان لە سەرخستنی ئەم خێوەتگە دێدەوانییە









