راگرایەتیی کۆلێژ پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی کۆماری هیندستان دەکات
لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدانی هەماهەنگیی ئەکادیمی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 7/5/2026، پ.د. احمد کۆچەر، راگری کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین – هەولێر، بە ئامادەبوونی پ.ی.د. قەهار عەلی، یاریدەدەری راگر، پێشوازییان لە (بریجێش کومار) کونسوڵی گشتیی کۆماری هیندستان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکی فەرمیدا، گفتوگۆ دەربارەی ئاسۆکانی پێکەوەکارکردن لە بواری ئەکادیمی، وەرزشی و کەلتوورییەکان کرا. راگری کۆلێژ جەختی لە گرنگیی سوودوەرگرتن لە شارەزاییە وەرزشییەکانی وڵاتی هیندستان کردەوە، هاوکات کونسوڵی گشتیی هیندستان ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ دروستکردنی هەماهەنگیی بەردەوام لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و وەرزشیی هەردوولا. هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری پێویست درا بۆ رێکخستنی چالاکییەکی وەرزشیی بەرفراوان لە نێو کەمپەسی کۆلێژ، ئەوەیش بە بۆنەی “رۆژی جیهانی یۆگا” کە ساڵانە لە لایەن کونسوڵی گشتی کۆماری هیندستان لە هەرێمی کوردستان یادی دەکرێتەوە، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی کەلتووری وەرزش و تەندروستی لە ناوەندە زانستییەکاندا









